گەر دەپرسی من لە بەر چی کەم دەخۆم
من بە برسی قەد مەزانە،خەم دەخۆم
ئاوی سوێری چاو و باری تاڵی لێو
سوێر و تاڵی دەم دەم و ژەم ژەم دەخۆم
تا سەری زۆلفت لە سر ڕوو حەلقەدا
... من وەکو ماری سەر ئاگر خەم دەخۆم
ئاوی کەوسەر نۆشی سۆفی بێ کە من
ئاوی ئینسان،یەعنی ماچی دەم دەخۆم
شەربەتی خەوف و ڕەجای ئەغیار و یار
ترش و شیرین هەم دەچێژم،هەم دەخۆم
من لە تەوری عالەم و دەوری فەلەک
زەربی لازیب،زەخمی بێ مەرهەم دەخۆم
تاڵی بێ یار و دیار و تار و مار
ئەلقەمی چی؟ئەرقەمی چی؟سەم دەخۆم
نۆعە ئینسانێ هەیە غەم قووتییە
من غەمی خۆم و غەمی عالەم دەخۆم
غەم دەڵێ:((نالی))کە غەم خواریم نەکا
ناعیلاجم من بەنی ئادەم دەخۆم
نالی